ئایین لە نێوان عەلمانییەت و پۆست عەلمانییەتدا: چارەسەرێکی مامناوەند بۆ ئەم سەردەمەی کۆمەڵگای کوردی

ناودار زیاد

عەلمانیەت لێکەوت و کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی ئایین بە سیاسەت و دەوڵەت و پانتایی گشتییەوە هەیە. بەو واتایەی کاتێک کە باس لە عەلمانیەت دەکەین واتا پەیوەندییەکانی ئایین بە سیاسەتەوە گۆڕانی بەسەردا دێت و دەوڵەت چیتر بۆ فەرمانە ئایینییەکان ناگەڕێتەوە و گفتوگۆی ئایینیش لە نێوان هاوڵاتیاندا لە پانتاییی گشتیدا گۆڕانی بەسەردا دێ و چیتر هێز و گروپ و باوەڕە ئاینییەکان ناتوانن پانتاییە گشتییەکان وەک سەکۆیەک بۆ بانگەشەکردنی بیروبۆچوونەکانیان بەکاربێنن بەڵکو هەر باوەڕێکی ئایینی دەگەڕێنرێتەوە ناو جوغز و سنوری خۆی.

پڕەنسیپی سەرەکییەکانی عەلمانییەت: بێلایەنی دەوڵەت لە کاروبارە ئایینییەکاندا، بێلایەنی دامەزراوەکانی خوێندن لە پرسە ئایینییەکاندا، لەگەڵ ڕێزگرتن لە ئازادی و باوەڕ و ویژدان.

عەلمانییەت هەم وەک هزر و هەم وەک پڕۆسە بۆ سەردەمی ڕۆشنگەری دەگەڕێتەوە و لە ئەوروپا و ڕۆژئاواوە چەکەرەی کردووە و گەشەی سەندووە، بەجۆرێک لە سەرەتا و لەمیانەیدا مەبەستی سەرەکیان بریتی بوو لە سنوردارکردنی دەسەڵاتی بێ پایان و سەراپاگیریی کەنیسەی مەسیحی و جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت. هەروەها عەلمانییەت چ وەک هزر چ وەک پڕۆسە قۆناغ بە قۆناغ هاتووە و گەڵاڵە بووە و لە وڵاتێکەوە بۆ یەکێکی دیکەش جیاوازە، بەڵام پێویستە سەرنج بخەینە سەر ئەوەی کە عەلمانییەت لە هەر کوێیەک بێت دەبێت سێ پڕەنسیپی سەرەکی لەخۆبگرێت، ئەوانیش بریتین لە؛ بێلایەنی دەوڵەت لە کاروبارە ئایینییەکاندا، بێلایەنی دامەزراوەکانی خوێندن لە پرسە ئایینییەکاندا، لەگەڵ ڕێزگرتن لە ئازادی و باوەڕ و ویژدان. بەو واتایەی لە هەر کۆمەڵگەیەکدا ئەم سێ پڕەنسیپە هەبوو دەتوانین بڵێین ئەو کۆمەڵگەیە کۆمەڵگەیەکی عەلمانییە.

کۆنزەرڤاتیڤ و نیۆ ـ کۆنزەرڤاتیڤەکان لە ڕۆژئاوادا بە پاساوی پاراستنی نۆڕمەکانی مەسیحی بەرگێكی ئایینییان بە بەر گوتارەکانیاندا کردووە.

ئەم پڕەنسیپانە تا ڕاددەیەکی بەرچاو لە زۆرینەی وڵاتانی ڕۆژئاوادا جێکەوت بوون و بەدیهاتوون. بەو جۆرەی کە ئایینیان لە دەوڵەت جیاکردووەتەوە و لە هەندێک وڵاتدا دوو سەدە و لە هەندێک وڵاتی دیکەشدا چەند دەیەیەک ڕۆڵی سیاسییانەی ئایینیان بەلاوەناوە، بەڵام ئەمە نەبووە مایەی ئەوەی ئایین بەتەواوەتی لاواز و بێکاریگەر بێت، بەڵکو لەم چەند دەیەیەی دواییدا چەندین دیاردە و ڕووداو و فاکتەر بەدەرکەوتن کە سەلمێنەری گەڕانەوەی ڕۆڵ و پێگەی ئایین بوون بۆ سەر کۆمەڵگە و دەوڵەت و فەزا گشتییەکان، لەوانە؛ تا دێت ژمارەی پەرستگای ئایینە جیا جیاکان و ڕێکخراو و پارتی سیاسی و گروپی ئایینی زیاد دەکەن، بەتایبەت لە دوای هێرشی ۱۱ ی سێبتێمبەری ۲٠٠۱ ەوە بۆ سەر ئەمەریکا پارتە سیاسییە کۆنزەرڤاتیڤ و نیۆ ـ کۆنزەرڤاتیڤەکان لە ڕۆژئاوادا بە پاساوی پاراستنی نۆڕمەکانی مەسیحی بەرگێكی ئایینییان بە بەر گوتارەکانیاندا کردووە. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی ئیسلامیشدا بەشێک لە پارتە ئیسلامییەکان لە چوارچێوەی جەنگی خاچپەرستەکاندا خەبات و تێکۆشانەکانیان پێش دەخەن. هەروەها دامەزراوە و گروپ و باوەڕە ئایینییەکان ڕۆڵیان لە ڕووبەر و پانتاییە گشتییەکاندا زیادی کردووە و کاریگەرییان لەسەر ڕای گشتی بەرفرە بووە، بۆ ئەمە سوودێکی زۆر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئینتەرنێت وەردەگرن. ئەم کاریگەرییە تەنها لەسەر ئاستی ناوخۆدا نەماوەتەوە بەڵکو کاریگەری لەسەر کێشە نێودەوڵەتییەکایش هەیە، بۆ نموونە هزری ئایینیی شیعی ڕەنگدانەوەی لەسەر سیاسەتی دەرەکی ئێران هەیە و هزری ئایینیی مەسیحیش لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا و تاد. لەگەڵ ئەوەشدا کۆچی پەنابەران و کرێکارە میوانەکان لە هەڵکشاندایە، ئەمانە لەگەڵ خۆیاندا ئەو فەرهەنگ و سەقافەتە ئایینییەی هەیانە بۆ ئەو شوێنە دەگوازنەوە کە کۆچی بۆ دەکەن و لێی نیشتەجێ دەبن، ئەمەش دەبێتە مایەی خوڵقاندنی کێشەی پێکەوەژیان. سەرباری ئەوەی مۆدێرنە بەهۆی ناڵاندنی لەژێر باری عەقڵانییەت و تاکگەراییدا دووچاری ئیشکالییەت بووە چونکە عەقڵانییەت و تاکگەرایی کایە ڕۆحییەکانیان فەرامۆش کردووە و هەستمردووییان خوڵقاندووە و هەموو کایەکان لەبەردەم بازاڕی دڵڕەق و کاڵادا بەچۆکدا هاتوون. ئەمانە و چەندین فاکتەری تر ڕێگایان خۆشکرد بۆ گەڕانەوەی ڕۆڵی ئایین، بەڵام لەم نێوەندەدا ئایین هەستێکی وای بۆ دروست بووە کە شارستانییەتی ڕۆژئاوای عەلمانی سەرکەوتنی بەسەریاندا بەدەستهێناوە و، هزری عەلمانیش پێیوایە سەردەمی ئایین بەسەرچووە و چیتر لەم ڕۆژگاری تەکنۆلۆژیا و ئینتەرنێت و ڕۆبۆت و پێشکەوتنی زانستەدا پێویستمان بە قسەی ئایین نەماوە. ئەم دوو بۆچوونە لەناو هەر یەک لەم ئاڕاستانەدا زەمینەی بۆ تەشەنەسەندن و بەرفراوانبوونی فەندەمێنتاڵیزمی ئایینی و پەڕگیریی عەلمانی خۆشکردووە.

تێزەی پۆست عەلمانییەت بریتییە لە <<فێربوونی دوولایەنە>> واتا هەم عەقڵی ئایینی ئەزموون لە کەلەپوری ڕۆشنگەری و زانست وەربگرێت، هەم عەقڵی عەلمانی و نائایینی گوێ لە ئامۆژگارییەکانی ئایین ڕابگرێت

هەموو ئەو فاکتەرانەی ئاماژەمان پێدان وایکرد بیرمەندان و فەیلەسوفان دووبارە هەوڵی پێداچوونەوە بە چەمکی عەلمانییەتدا بدەن، بۆ نموونە (داڤید مارتین) باس لە پێویستی چەمکی عەلمانییەت دەکات، (پیتەر بێرگەر) باس لە پێویستی چوونەدەرەوە لە عەلمانییەت دەکات، بەڵام فەیلەسوفی ئەڵمانی (یۆرگن هابرماس) باس لە چەمکی (پۆست عەلمانییەت) دەکات. هەڵبەت (هابرماس) یەکەم کەس نییە ئەم چەمکەی بەکارهێناوە، بەڵکو بۆ یەکەمجار (فلیپ بلۆند)ی فەیلەسوفی ئینگلیزی لە کۆتایی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا ئەم چەمکەی بەکارهێناوە، دواتر لە پاش ڕووداوی ۱۱ ی سێبتێمبەری ۲٠٠۱ ەوە (هابرماس) بایەخی زۆری بە پرسی ئایین داوە و ڕوانگەکانی لەبارەی ئایینەوە گۆڕاوە و ئەم چەمکەی تیۆریزە کردووە. بەڵام پێش ئەوەی باس لە پۆست عەلمانیەت بکەین ئەو پرسیارە دروست دەبێت خۆ ئێمە وەک کۆمەڵگەی کوردی بە قۆناغی عەلمانییەتدا تێپەڕ نەبووین ئایا چ پێویستییەکمان بە تێزی پۆست عەلمانییەت هەیە و چۆن بۆ کۆمەڵگەی ئێمە دەگونجێت؟ ئەگەر سەرنج بدەین دەتوانین بڵێین ئەم تێزە بۆ هەموو کۆمەڵگە و دەوڵەتان شیاو و گرنگە چونکە (هابرماس) باس لە سەرانسەری جیهان دەکات و نموونە بە بەرفراوانبوونی تەبشیرییەت لە ئەمەریکای لاتین و ئەفریقیا دێنێتەوە و باس لە پەڕگیریی گروپە ڕادیكاڵییەکانی یابان و صین دەکات و تیشک دەخاتە سەر ئیستیغلالکردنی ئەگەرە توندوتیژەکانی ئایین لە ئێران و لای داعش. ئەمە وێڕای ئەوەی گرنگە دوای هزرە بەرزەکان بکەوین تاکو لە کاروانی شارستانی دوانەکەوین و ببین بە کۆمەڵگەیەی مەدەنی و دیموکرات و پلوڕاڵ. لە هەرێمی کوردستانیشدا ڕاستە دەستوورمان نییە تاکو بزانین قەوارەیەکی سیاسی عەلمانین یان نا، دەوڵەت و دامەزراوەکانی خوێندن لە پرسە ئایینییەکاندا بێلایەن نین و پشت بە دەستووریی عێراق و یاسا بنەڕەتییەکان دەبەستین کە ئایینیان بە سەرچاوە داناوە، بەڵام ئەگەر دوور نەڕۆین و تەنها تەماشای ئەم دوو ساڵەی دوایی بکەین درک بەوە دەکەین کە کۆمەڵگەی کوردی بەسەر هەردوو بەرەی ئایینی و عەلمانیدا دابەش بووە، بۆ نموونە لەم ڕۆژانەدا کە پرسی نووسینەوەی دەستوور لە ڕۆژەڤدا بوو، گروپێک پێیان وابوو پێویستە دەستوورەکە دەستوورێکی عەلمانی بێت بە ڕەچاوکردنی پاراستنی مافە ئایینییەکان، هاوکات گروپێکی تر هەن دەڵێن نەخێر پێویستە دەستوورەکە شەریعەتی ئیسلام بە بنەما بگرێت بە پاساوی ئەوەی زۆرینەی کۆمەڵگەی کورد ئیسلامن. هەروەها کاتێک لە مانگی ڕەمەزانی ئەمساڵدا کچ و کوڕێکی سەماکار لەسەر شەقامێکی گشتی لە سلێمانی نماییشێکی سەمایان ئەنجامدا یاخود لە کێشەی نێوان هونەرمەند ماریا هەورامی و مەلا هەڵۆدا، بە هەمان شێوە کۆمەڵگە بەسەر دوو بەرەدا دابەش بوو؛ بەرەیەک داکۆکیکار لە هزری ئایینی و بەرەیەکی تر هەڵگری هزری نائایینی.

کەواتە پرسی پەیوەندی نێوان ڕوانگە و باوەڕی ئایینی لەگەڵ هزر و باوەڕی نائایینی یاخود عەلمانیدا پێویستی بە ڕێکخستن و پێداچوونەوە هەیە، هەروەکو ئاماژەشمان پێدا عەلمانییەت دووچاری گرفت و کەموکورتی بووەتەوە و توانستی چارەسەرکردنی نییە، بۆیە بیرمەندان تەڕحی دیکەیان کردووە، لەنێویاندا تێزی پۆست عەلمانییەت چارەسەرێکی مامناوەندە، بەتایبەت بۆ کۆمەڵگەی کوردی، چونکە تێزەکە نەرمی و میانڕەوی لە هەمبەر باوەڕە ئایینییەکاندا تێدایە، بەڵام ئەمە بەو مانایانەش نایەت تێزەکانی دیکەی بیرمەندان گرنگ نەبن. وەکو گوتمان ئەم تێزە مڕونەتی لە بەرانبەر ئاییندا تێدایە چونکە ڕێگا بۆ ئاوێتەبوونی ئایین لەناو کۆمەڵگەدا خۆش دەکات و بانگەشەی گوتارێکی هەڵهێنجراوی هاوبەش دەکات لە ئایین و عەلمانییەتەوە، چونکە کڕۆکی سەرەکی تێزی پۆست عەلمانییەت بریتییە لە <<فێربوونی دوولایەنە>> واتا هەم عەقڵی ئایینی ئەزموون لە کەلەپوری ڕۆشنگەری و زانست وەربگرێت، هەم عەقڵی عەلمانی و نائایینی گوێ لە ئامۆژگارییەکانی ئایین ڕابگرێت، ئەمەش بەو ئامانجەی گروپ و تەوژم و باوەڕە ئایینی و عەلمانییەکان پەراوێز نەکەون و بەرەو توندڕەوی و توندئاژۆیی نەڕۆن و، عەقڵانییەتیش بە هیومانی بکرێت، چونکە مرۆڤێکی خوڵقاندووە هێندەی لەنێو سوود و بەرژەوەندییەکاندا دەژیت هێندە لەنێو بەهاکاندا ناژیت.

هەریەک لە هۆشیاری و عەقڵی ئایینی و هۆشیاری و عەقڵی عەلمانی پێویستە چەند داواکارییەک جێبەجێ بکەن.

لەپێناوی نەهێشتنی توندڕەوی و ڕادیکاڵیزم و، بەرقەراربوونی ئاشتی و لێبووردەیی نێوان هزری ئایینی و نائایینیدا (هابرماس) دەڵێت هەریەک لە هۆشیاری و عەقڵی ئایینی و هۆشیاری و عەقڵی عەلمانی پێویستە چەند داواکارییەک جێبەجێ بکەن. داوا لە هۆشیاری و عەقڵی ئایینی دەکات؛ دەسبەرداری مۆنۆپۆلکردن و قۆڕخکردنی هەمو کایەکان ببێت و بکەوێتە دیالۆگەوە لەگەڵ تێگە و چەمکەکانی وەک جیاوازی و ئازادی و تاکگەرایی و دیموکراسییەتدا، بەتایبەت لەگەڵ دیموکراسییەتدا كە (هابرماس) بۆ ئەم سەردەمە دیموکراسیی ڕاوێژکاری پێشنیار دەکات، چونکە ڕێگا نادات شێواز و فەلسەفە و باوەڕێک خۆی بەسەر کۆمەڵگەدا زاڵ بکات. هەروەها داوا دەکات ئایین پەیوەندییەکی عەقڵانی لەگەڵ ئایینەکانی دیکەدا دروست بکات، بەڵام لەسەر هەموو باوەڕێکی ئایینی پێویستە دەسبەرداری بڕیارە دونیاییەکان ببێت بۆ دامەزراوە زانستییەکان. لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە ئایین ناوەڕۆکی گوتارەکانی خۆی کە تژین (پڕن) لە تێڕوانینی ئایینی بگۆڕێت بۆ ناوەڕۆکێکی دونیایی، بۆ نموونە لە پرسی ماددەی هۆشبەردا لەبری ئەوەی بە دەقی ئایینی قەدەغەی بکات باس لە زیانە تەندروستی و دەروونی و کۆمەڵایەتی و ئابورییەکانی بکات.

لە بەرانبەردا داوا لە هۆشیاری و عەقڵی عەلمانیش دەکات؛ کە پێی وانەبێت دەتوانێت هەر خۆی دادوەری لەسەر حەقیقەتە ئیمانی و باوەڕە ئایینییەکان دەکات، بەڵکو پێویستە لەبارەی ئەم حەقیقەتانەوە یان بکەوێتە دیالۆگەوە لەگەڵ ئاییندا یاخود بۆ بوار و پسپۆڕی ئایین بەجێ بهێڵێت. هەروەها عەقڵی عەلمانی و نائایینی دەبێت دان بەوەدا بنێت ئایینیش بە هەمان شێوەی زانست و عەقڵی دونیایی و نائایینی قسەی گرنگ و جدی لەسەر هەندێک پرس هەیە وەکو خۆویستانە کۆتاییهێنان بە ژیان و لەباربردنی کۆرپەلە و تاد.

ئەم تێزە یەکێکە لە پێشنیارە مامناوەندەکان کە بۆ ئەم سەردەمەی کۆمەڵگەی کوردی تاڕاددەیەک چارەسەرە، بەڵام شیاوی تێگەیشتن و، پێویستی بە لەخۆبردوویی و ڕێژەخوازییە لە تێڕوانیندا.

Check Also

هەڵکشانی پڕوپوچی -عەرەب و ئیسلام و خۆرئاوا –

د. هاشم ساڵح شوان ئەحمەد کردوویەتی بە کوردی كۆرنیلۆس كاستۆریادیسی بە ڕەگەز یۆنانی و هەڵگری …